اردشیر پشنگ

روابط بین الملل. سیاست خارجی و مسائل خاورمیانه با نگاه ویژه بر عراق

 
لاواز بونی کورد له‌ عێراقی فیدرالدا
نویسنده : اردشیر پشنگ - ساعت ٧:۳٦ ‎ب.ظ روز سه‌شنبه ٤ خرداد ۱۳۸٩
 

سایت کردی رادیو نوا (ترجمه کردی مقاله ام با نام  افول سیاسی کردها در عراق فدرالی)

 ئه‌رده‌شیر په‌شه‌نگ: خولی دوه‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق دوای روخانی حکومه‌تی به‌عس چ له‌ روی شکڵ و چ له‌ روی پێکهێنانی هاوبه‌ندی و هاوپه‌یمانییه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خولی پێشو کۆمه‌ڵێک جیاوازی هه‌بو و ئه‌نجامی جیاوازیشی لێکه‌وته‌وه‌. له‌م نێوه‌نده‌دا دابه‌زینی ئاشکرای ده‌سه‌ڵاتی کورده‌کان له‌ هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا، که‌ به‌ زۆری سه‌رچاوه‌ی له‌ رێک نه‌بونی خۆیاندا بو پێش له‌ هه‌ڵبژادنه‌کان، یه‌کێک له‌ ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بو. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌ ماوه‌ی رابردودا سه‌رکرده‌ کورده‌کان پێکهێنانی فراکسیۆنی لایه‌نه‌ براوه‌کانی کوردیان راگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌م رێکه‌وتنه‌ که‌ دره‌نگتر له‌ کاتی خۆی ئه‌نجام درا وه‌ک فه‌ره‌نجی دوای باران وایه‌، چونکه‌ پێکهێنانی فراکسیۆنی کورد بۆ پێش هه‌ڵبژاردن زۆر چاره‌نوسسازتر بو.

تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دوایین هه‌ڵبژاردنی عێراق
زیاد بونی کورسییه‌کانی په‌رله‌مان له‌ 275ه‌وه‌ بۆ 325 کورسی، به‌ڕێوه‌ بردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ سه‌ر بنه‌مای جۆرێک له‌ ئه‌له‌کترالی وه‌ک مۆدێلی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا، زیاد بونی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر، که‌مبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک کۆمار و پێدانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ سه‌رۆکی ناوچه‌ فیدراله‌کان و پارێزگاکانی عێراق، ئاشت کردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن. به‌هێز بونی پان عێراقیسته‌ سیکۆلاره‌کان و پێکهاتنی فره‌ چه‌شنی یا له‌ ئارادا نه‌بونی کۆده‌نگی له‌ نێوان لایه‌نه‌ کورد و شیعه‌کاندا و دابه‌زینی ئاستی به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردن، تایبه‌تمه‌ندییه‌کان و جیاوازییه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ن له‌ ئاست هه‌ڵبژاردنی پێشو.
له‌م نێوه‌نده‌دا نه‌بونی کۆده‌نگی ناوخۆیی و ئاماده‌ بونی هاوپه‌یمانی و قه‌واره‌ی جۆراوجۆر له‌ نێوان شیعه‌کان و کورده‌کاندا بو به‌ بابه‌تێکی گرنگ که‌ رێگای خۆش کرد بۆ سه‌رکه‌وتنی سه‌ره‌تایی قه‌واره‌ی سیکۆلاری عێراقییه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی عه‌لاوی. هه‌ر چه‌ند پێکهاتنی فراکسیۆنی به‌رفراوانی شیعه‌ دوای هه‌ڵبژاردن کاری کردوه‌ته‌ سه‌ر لیستی عێراقییه‌ و ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه‌ کاندیده‌که‌یان ببێته‌ سه‌رۆک وه‌زیری داهاتوی عێراق. به‌ڵام لایه‌نه‌ کورده‌کانیش که‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا پێکهێنانی فراکسیۆنێکی کوردییان به‌ ئاماده‌ بونی هه‌ر چوار حزبه‌ براوه‌که‌ راگه‌یاند، به‌ره‌وڕوی لاوازییه‌کی ئاشکرا بونه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌م لاواز بونه‌ ده‌توانێ له‌ پرۆسه‌ی دابه‌شکردن و پشک به‌ندی ده‌سه‌ڵات یا له‌ حاڵه‌تگه‌لی زۆر هه‌ستیاری وه‌کو جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیدا که‌ بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی که‌رکوک دانراوه‌ کاردانه‌وه‌ی خۆی پێشان بدات.
له‌ درێژه‌دا ره‌گ و ریشه‌و هۆکاره‌کانی ئه‌م لاوازبونه‌ ئاشکرایه‌، تاوتوێ ده‌کرێ:

یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن
هه‌رچه‌ند کورده‌کان له‌ چه‌ندین خولی دانوستاندا هه‌مو توانای خۆیان به‌ کار هێنا بۆ گۆڕانکاری له‌ یاسای نوێی هه‌ڵبژاردندا و دوجار به‌ ره‌تکردنه‌وه‌ی رێیان له‌ په‌سه‌ند کردنی گرت، به‌ڵام دواجار له‌ به‌رامبه‌ر فشاره‌ ناوخۆییه‌کاندا که‌ به‌ جۆرێک بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی هه‌رچی خێراتری هه‌ڵبژاردن، پشتگیری نێوده‌وڵه‌تیشی له‌گه‌ڵ بو ته‌سلیم بون و به‌ پێکهێنانی لانیکه‌می گۆڕانکارییه‌کانی شوێنی مه‌به‌ستی خۆیان له‌ ره‌شنوسی یاسای نوێدا، رێیان بۆ په‌سه‌ند کردنی خۆش کرد.
وه‌ک ئاماژه‌ی پێ کرا له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردندا جۆرێک له‌ مۆدێلی ئه‌لکتراڵ له‌ شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئه‌مریکا پێڕه‌و کرابو که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌و به‌ پێی دوایین سه‌رژمێرییه‌کان به‌ ره‌چاو کردنی رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌ر شارو پارێزگایه‌ک له‌ پێشدا ژماره‌ی کورسییه‌کان دیاری کرابو، که‌ به‌و شێوه‌یه‌ له‌ هه‌ر شار یا پارێزگایه‌ک کاندید یا هاوپه‌یمانییه‌کان ده‌بوایه‌ ده‌نگی پێویست بۆ وه‌رگرتنی کورسی په‌رله‌مانی به‌ ده‌ست بێنن. بۆ نمونه‌ له‌ که‌رکوک بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر کورسییه‌ک31 هه‌زار ده‌نگ دیاری کرابو.
له‌ ئه‌نجامدا یه‌کێک له‌ پێداویستییه‌کانی به‌شداریکردن له‌ شێوازێکی ئه‌وتۆی هه‌ڵبژاردندا به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌و فره‌ گروپه‌کاندا، کۆده‌نگی و هاوبه‌ندی گروپه‌ بچوکه‌کانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌کی به‌رفراواندا تا به‌و شێوه‌یه‌ بتوانن له‌ لانیکه‌می ده‌نگه‌کانی خۆیان زۆرترین ئه‌نجام به‌ ده‌ست بێنن، که‌ ئه‌مه‌ له‌ ناو کورده‌کاندا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بو، بۆ نمونه‌ لیستی گۆڕان له‌ کۆی گشتیدا توانی که‌مێک زیاتر له‌ 4%ی هه‌مو ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌ ده‌ست بێنێت، به‌ڵام ئه‌م لیسته‌ ته‌نیا توانی 8 کورسی وه‌ر بگرێت واته‌ 2%ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مان. له‌ حاڵێکدا به‌ پێی ده‌نگه‌کانی خۆی ده‌بوایه‌ نزیکه‌ی 13 بۆ 15 کورسی وه‌ربگرێت. ئه‌مه‌ بۆ لیسته‌ کوردییه‌کانی دیکه‌ش هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانی شیعه‌ که‌ پێکهاتوه‌ له‌ گروپه‌ سوننه‌و شیعه‌ سیکۆلاره‌کان، هه‌ر له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌م شێوازی هه‌لبژاردنه‌ توانی به‌ لانیکه‌می ده‌نگه‌کانه‌وه‌ زۆر ترین ئه‌نجام به‌ ده‌ست بێنێت چونکه‌ توانی له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌و فره‌ ئایینه‌کان کۆده‌نگییه‌کی ناوخۆیی فراوان پێک بێنێت. هه‌ر له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ پارێزگای که‌رکوک که‌ زۆرترین باس و خواسی له‌ سه‌ره‌، لیستی عێراقییه‌ به‌211 هه‌زار ده‌نگ توانی 6 کورسی په‌رله‌مان به‌ ده‌ست بێنێت له‌ حاڵێکدا که‌ کورده‌کان به‌ زیاتر له‌ 280 هه‌زار ده‌نگ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان کورسی به‌ ده‌ست هێناوه‌، چونکه‌ له‌ که‌رکوک جگه‌ له‌ که‌سایه‌تییه‌ سه‌ربه‌خۆکان 9 حزب و هاوپه‌یمانی کوردی له‌گه‌ڵ یه‌کتر رکابه‌رییان ده‌کرد. هه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌وه‌ش فه‌رامۆش بکه‌ین که‌ 30 کورسی گرنگی کورده‌کان که‌ ده‌یان هه‌زار ده‌نگی تێدا بوه‌ له‌ لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵاوه‌ ره‌ت کرانه‌وه‌و ئه‌ژمار نه‌کران.

دابه‌زینی ئاستی به‌شداریکردنی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردندا
ده‌بێ بڵه‌ین له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئاستی به‌شداریکردن له‌ کوردستان له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق زیاتر بو، به‌ڵام ئه‌م به‌شداریکردنه‌ له‌ چاو هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی پێشو ئاستی دابه‌زیوه‌ و سه‌رکرده‌ و حزبه‌ کوردییه‌کان نه‌یانتوانی جارێکی تر به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان له‌ هه‌مو کوردستاندا خه‌ڵک کۆ بکه‌نه‌وه‌.
به‌ پێی لۆژیکی کۆمه‌ڵناسی سیاسی، هه‌ر کاتێک کۆمه‌ڵگا یا حکومه‌ته‌کان له‌ قۆناغێکی هه‌ستیاره‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو قۆناغی جۆرێک له‌ ئارامی و پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندن، یه‌کێک له‌ ئاکامه‌کانی قۆناغی ئه‌وتۆ دابه‌زینی ئاستی هه‌ستیارییه‌ سیاسییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌بێت که‌ له‌ ئاستی به‌شداریکردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌. ده‌کرێ ئه‌مه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی دابه‌زینی ئاستی به‌شداریکردنی کورده‌کان بێت له‌ چاو خولی پێشودا. دروستبونی ئه‌و هه‌سته‌ی که‌ به‌ روخانی به‌عسییه‌کان چیتر تاوانی وه‌کو ئه‌نفال یا کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ رو ناداته‌وه‌، بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ستیار بونی توندی کورده‌کان به‌رامبه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ندی و گروپه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌ عه‌ره‌به‌کانی دیکه‌ش که‌م بێته‌وه‌. ده‌کرێ یه‌کێکی تر له‌ هۆکاره‌کانی دابه‌زینی ئاستی به‌شداریکردن، راده‌ی کارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بێت. هه‌ر چه‌ند ئاستی په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتن له‌ کوردستانی عێراق به‌راورد ناکرێت به‌و ناوچانه‌ی که‌ به‌ جۆرێک له‌ عێراقدا توشی قه‌یران بون، به‌ڵام ئه‌م حکومه‌ته‌ کۆمه‌ڵێک ره‌خنه‌ی جدی له‌ سه‌ره‌. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ سه‌رۆکایه‌تی نه‌وشیران مسته‌فا له‌ ریزی ره‌خنه‌ گره‌ جدییه‌کانی سیاسه‌ته‌کانی هه‌ر دو حزبی سه‌ره‌کی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ له‌ لایه‌ن بارزانی و تاڵه‌بانییه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرێن. گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی رابردوی په‌رله‌مانی کوردستاندا توانی 25%ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مان به‌ ده‌ست بێنێت. راگه‌یاندنه‌کان و لایه‌نگرانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و هه‌روه‌ها هه‌ندێک گروپی ئیسلامی کورد به‌رامبه‌ر حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان شێوازێکی ره‌خنه‌گرانه‌و قه‌یراناوییان گرتوه‌ته‌ به‌ر که‌ ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک بوه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆکی له‌ نێوان کورده‌کانداو ته‌شه‌نه‌ی کردوه‌ته‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌و به‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ گرنگه‌کانی دابه‌زینی ئاستی به‌شداریکردنی خه‌ڵک ده‌زانرێ.

له‌ ئارادا نه‌بونی کۆده‌نگی له‌ نێوان کورده‌کاندا

هه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م نوسراوه‌دا ئاماژه‌ی پێ کرا کورده‌کان پێش هه‌ڵبژاردن نه‌یانتوانی به‌ کۆده‌نگییه‌کی ناوخۆیی بگه‌ن. ئه‌م کۆده‌نگییه‌ بۆ چوار پارێزگای که‌رکوک، موسڵ، دیاله‌ و به‌غدا به‌ چاره‌نوسسازتر ده‌هاته‌ پێش چاو، چونکه‌ له‌و ناوچانه‌ جگه‌ له‌ کورد دانیشتوانی عه‌ره‌بی شیعه‌و سوننه‌و تورکمانیشی لێیه‌. جگه‌ له‌ که‌سایه‌تییه‌ سه‌ربه‌خۆکان، زیاتر له‌ 10 حزب و هاوپه‌یمانیی کورد به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان کرد که‌ دواجار ته‌نیا چوار حزب و هاوپه‌یمانی توانیان کورسی به‌ ده‌ست بێنن. هاوپه‌یمانی کوردستان که‌ پێکهاتوه‌ له‌ یه‌کێتی نیشتمانی به‌ سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌بانی و پارتی دیموکرات به‌ سه‌رۆکایه‌تی بارزانی، 43 کورسی، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان 8 کورسی، یه‌کگرتوی ئیسلامی کوردستان 4 کورسی کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان 2 کورسییان به‌ ده‌ست هێناوه‌. کورده‌کان که‌ له‌ دانوستانه‌کانیان له‌گه‌ڵ گروپه‌ عێراقییه‌کاندا به‌رده‌وام خوازیاری ئه‌وه‌ن به‌ ته‌واوه‌تی به‌ سه‌ر که‌رکوک و هه‌ندێک ناوچه‌ی موسڵ و دیاله‌دا زاڵ بن و به‌ هی خۆیانی ده‌زانن، به‌ هۆی له‌ ئارادا نه‌بونی کۆده‌نگی له‌ ناو خۆیاندا توشی په‌رت بونی ده‌نگه‌کان و لێکترازان بون، له‌ که‌رکوک له‌ 12 کورسی ته‌نها 6 کورسی، له‌ موسڵ له‌ 31 کورسی 8 کورسی، له‌ دیاله‌ له‌ 13 کورسی 1 کورسییان به‌ده‌ست هێنا و له‌ به‌غدا له‌ 68 کورسی هیچ کورسییه‌کیان به‌ ده‌ست نه‌هێنا.

به‌شداریکردنی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا
یه‌کێکی تر له‌ هۆکاره‌کانی دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگی کورد به‌شداریکردنی جدی عه‌ره‌بی سوننه‌ بو له‌ هه‌ڵبژاردندا. له‌ هه‌ره‌می دانیشتوانی عێراقدا، شیعه‌کان 60% تا 65%ی دانیشتوانی وڵات پێک دێنن، ئه‌و که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییانه‌ی که‌ نه‌ کورد و نه‌ عه‌ره‌بن 5%ی دانیشتوانی عێراق پێک دێنن و وا دێته‌ پێش چاو کوردو عه‌ره‌بی سوننه‌ هه‌ر کامه‌و 15% تا 20%ی دانیشتوانی عێراق پێک بێنن. ئه‌مه‌ش واته‌ نزیک بونی رێژه‌ی دانیشتوانی ئه‌و دوانه‌ له‌ یه‌کتر. چونکه‌ هێشتا له‌ عێراق پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌کان راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ کاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر پێکهاته‌و گروپه‌ به‌شداربوه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ خۆی باس له‌ رکابه‌ریه‌کی به‌رفراوان ده‌کات له‌ نێوان کوردو عه‌ره‌بی سوننه‌دا ئه‌ویش بۆ به‌ ده‌ستهێنانی لای سێیه‌می سێگوشه‌ی ده‌سه‌ڵات که‌ ده‌توانێ له‌ هه‌ر خولێکی هه‌ڵبژاردندا کار بکاته‌ سه‌ر چۆنایه‌تی هاوپه‌یمانییه‌کانی عێراق و دابه‌شکردنی پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کان.
کورده‌ شیعه‌کان پشت له‌ کورد ده‌که‌ن
هاوپه‌یمانی کورده‌کان له‌ خولی پێشوی هه‌ڵبژاردندا توانیبوی له‌ پارێزگای دیاله‌ که‌ دانیشتوانی له‌ کوردی فه‌یلی شیعه‌، عه‌ره‌بی شیعه‌و عه‌ره‌بی سوننه‌ پێک دێت، سێ کورسی به‌ ده‌ست بێنێت و له‌ به‌غداش که‌ که‌مینیه‌کی گرنگی کوردی شیعه‌ی لێیه‌ سێ کورسی به‌ ده‌ست بێنیت، به‌ڵام له‌م خوله‌دا که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا پێشوازی باشتریان لێ بکرێت له‌ دیاله‌ ته‌نها یه‌ک کورسی و له‌ به‌غداش هیچ کورسییه‌کیان به‌ ده‌ست نه‌هێناوه‌، ئه‌مه‌ش واته‌ به‌شێکی سه‌رنجڕاکێش له‌ ده‌نگی کورده‌ شیعه‌کان چوه‌ته‌ سندوقی ئه‌و حزب و هاوپه‌یمانیانه‌ی که‌ کورد نین، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ رو که‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ عێراق به‌هێز بوه‌و لایه‌کی تریشی ئه‌وه‌ پێشان ده‌دات که‌ له‌م خوله‌داو له‌ ناو کورده‌ فه‌یلییه‌ شیعه‌کاندا مه‌زهه‌ب به‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌دا به‌رز نرخێنراوه‌.

ده‌رئه‌نجام
کورده‌کان له‌ خولی پێشوی هه‌ڵبژاردندا توانیبویان له‌ 275 کورسی به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ 58 کورسی به‌ ده‌ست بێنن، به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی کورسی هه‌ندێک له‌ که‌مینه‌کانیش بۆ ئه‌وان، ببونه‌ خاوه‌نی 65 تا 70 کورسی. به‌ڵام له‌م خوله‌دا به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌ 325 کورسی 57 کورسیان به‌ ده‌ست هێنا و به‌ له‌ به‌ر چاو گرتنی کورسی هه‌ندێک له‌ که‌مینه‌کانیش بۆیان بونه‌ته‌ خاوه‌نی نزیکه‌ی 60 تا 62 کورسی. که‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی زیاد بونی ژماره‌ی کورسییه‌کانی له‌م خوله‌دا ده‌سه‌ڵاتیان له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا که‌م بوه‌ته‌وه‌.
پاشگه‌زبونه‌وه‌ له‌ تۆمار کردنی سکاڵا له‌ سه‌ر پێشێلکارییه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگاکانی موسڵ و که‌رکوک یه‌که‌م نیشانه‌ی کردارییانه‌ی ئه‌م لاوازبونه‌ ئاشکرایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورده‌کانه‌ له‌ قۆناغی ئێستای عێراقدا. ئه‌گه‌ر ئه‌م راستیه‌ش له‌ به‌رچاو بگرین که‌ عێراقی نوێ پێکهاته‌یه‌کی فیدرالی و په‌رله‌مانی هه‌یه‌، به‌و ئه‌نجامه‌ ده‌گه‌ین که‌ پێده‌چێت کورد پشکێکی که‌متری له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ر که‌وێت و له‌و پرسه‌ گرنگانه‌دا که‌ خۆی به‌ خاوه‌نیان ده‌زانێ وه‌کو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌گه‌لێکی موسڵ و دیاله‌ بۆ سه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی دوباره‌ی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار و چاره‌نوسی ئه‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتیانه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی نه‌وتدا ئیمزایان کردوه‌، به‌رامبه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ندی و گروپه‌ عێراقییه‌کانی دیکه‌ توانای فشارهێنانی که‌م ده‌بێته‌وه‌.

و/ له‌ فارسییه‌وه‌: شه‌هرام عه‌بدوڵا

سه‌رچاوه‌: سایتی فرهیختگان

http://www.radionawa.com/Detail.aspx?id=13914&LinkID=72