عەرەبستان و کۆتایی دیپلۆماسی نکۆڵی له‌ عێراق/ ئەردەشیر پەشەنگ

جیگرتنی سعوودییەکان لە بەرەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژ بە سەدام لە ساڵی ١٩٩١دا، هاوکات تەرخانکردنی خاکی ئەو وڵاتە بۆ جێگربوونی ئەم هێزانە، بوو بە هۆی دابەزینی زۆرتری ئاستی پێوەندی ئەم دوو وڵاتە، تا ڕادەیەک کە فەرمانی تێپەڕاندنی سنوورەکانی عەرەبستان بۆ هێزەکانی سوپای عێراقە لە لایه‌ن ناوەندی گشتی فەرماندەیی سوپاوە، هاوکات لە گەل شەڕ و پێکدادان لە گەل وڵاتە رۆژئاواییەکاندا دەرچێ. لەو سەردەمەوە تا کاتی ڕووخانی حکوومەتی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا، دوو وڵات پێوەندییەکی سارد و ئاڵۆزی دیپلۆماتیکیان بە سەربردووە. بەرپرسانی کاتیی عێراق بەردەوام سعوودییەکانیان بە پیلانگێڕی دژ بە دەوڵەتی ناوەندی عێراق تۆمەتبار کردووە و، لە بەرامبەریشدا سعوودییەکان هەمیشە هێزی چەکداری، بە تایبەت چەکە کیمیاییەکانی عێراقیان وەک مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بەرامبەر بە خۆیان هەڵسەنگاندووە.
بەڵام دوای هێرشی مارسی ٢٠٠٣ی سوپای ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی، وەک؛ به‌ریتانیا و ئۆستراڵیا و...، بۆ سەر عیراق کە بوو بە هۆی رووخانی رژێمی بەعس و دواتریش، هەڵاتن و دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی سەددام حسێن، سعوودییەکان بەردەام بە شێوازی پێشوو لە ناردنی هەر جۆرە نوێنەرێکی سیاسی فەرمی بۆ ئەو وڵاتە خۆیان دوور گرت و وێرای گۆشارەکانی ئەمریکا باڵیۆزخانەیان لە بەغدادا نەکردەوە. هۆکاری ئەم کردەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەورە بەرپرسانی ریاز هێشتا عێراق و ئاڵووگۆڕە نوێکانی ئەم وڵاتە کە بە ئاریکاری ئەمریکاییەکان هاتۆتە ئاراوە وەک هەڕەشەیەک بۆ خۆیان ئەژمار دەکەن.
بە پێی لێکدانەوەی سعوودییەکان، ئاڵووگۆڕەکانی عێراق ببوەتە هۆی بە هێزبوونی لایەنی شیعە و کورد و کەوتنە قەراخی عەرەبە سوننەکانی ئەو وڵاتە، بەم بۆنەوە هاوسەنگی هێزی ئایینی لە نێوان شیعە و سوننە لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی شیعەکاندا بە گشتی و لە بەرژەوەندی ئێراندا بە تایبەت گۆڕاوە، بابەتێک کە ناڕەزایی سعوودییەکانی لێکەوتۆتەوە.
لەم ڕووەوە عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵ کە لایەنە سیاسیەکانی سەر بە ئێران هێزی سەرەکی پێکدێنن، هەڕەشەیەکی زۆر جددی­تر لە دەوڵەت و حکوومەتی پێشووی عێراق بۆ سعوودییەکان ئەژمار دەکرێت. بەم بۆنەوە دەبینین کە سعوودییەکان هەر لە ٢٠٠٣وە تاکوو ٢٠١١ جۆرە دیپلۆماسییەکی نکۆڵی و حاشاکردن لە گۆڕانکارییەکانی پێکهاتە و هێزە سیاسیەکانی عێراقیان پەیڕەو کرد و لەم قۆناغەدا تێکۆشین تا بە کۆکردنەوەی هاوڕێیانی پێشووی عێراق و ئەو وڵاتانەی کە پەڕۆشییەکی ناوچەیی هاوبەشیان سەبارەت بە عێراق هەبوو، لە لایەکەوە گوشاری سیاسی و دیپلۆماتیک بخەنە سەر دەوڵەتی عێراق و لەم رێگەوە ببنە هۆی لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندی ئەو وڵاتە و لە لایەکی ترەوە بە پشتگیری کردنی عەرەبە سوننەکانی ئەو وڵاتە، ڕێگای هێزگرتنی دووبارە و گەڕانەوەی ئەم لایەنە بۆ کورسییەکانی سیاسی هەموار بکن. لەم بوارەدا لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ شایەتی چەندین کونفرانس بووین کە بە بەڕێوبەرایەتی سعوودییەکان لە شارەکانی دیمه‌شق و ریاز و ئەنقەرە و چەندین وڵاتی تری وەک ئۆردون و تورکیا بەڕێوە چوو، کە دەتوانین دەسکەوتەکانی لە سیمای کۆتلەی " ئەلعێراقییە"دا ببینین؛ هاوپەیمانییەکی نوێی پێکهاتوو لە عەرەبی سوننە و شیعە سکولارەکان کە جۆرە سیاسەتێکی دژبەرانە و بێ بڕوایانە بەرامبەر بە ئێران و تەنانەت ئەمریکاش لە بەرامبەر سیاسەتی هاوپەیمانی و نزیک بوونەوە لە حکوومەتی سعوودیا و کۆمکاری عەرەب پەیڕەو دەکەن.
بەڵام هەرچەند کە یارمەتی ماڵی و سیاسی سعوودیه‌ کاریگەریەکی تەواوی لە سەر سەرکەوتنە سەرەتاییەکانی ئەلعێراقییە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ پەرلەمانی عێراقدا بوو، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی ئەم لایەنە نەگەیشتە ئاستێک کە بتوانێت خەونی ئەیاد عەلاوی بۆ پێکهانی دەوڵەت بکاتە ڕاستی، وە شایەتی ئەوەین کە لە کۆتاییدا عێراق بەرەو چەقبەستوویەکی سیاسی درێژ خایەن هەنگاوی نا.
لەم قۆناغەدا سعوودییەکان هەوڵی زۆریان دا تا لە رێگای چوونە ناو کاروباری کێشە سیاسییەکانی عێراقەوە بتوانن بە دەستنیشان کردنی چارە سەری گونجاو و بانگهێشتکردنی لایەنە سیاسیەکان بۆ ڕیاز ڕۆڵێکی کارا لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا بگێڕن، بەڵام هیچ یەک لەم سیاسەتانە لە لایان شیعەکان و کوردەکانەوە پێشوازی لێنەکرا و تەنانەت وەک دەستێوەردانی دەرەکیش لە قەڵەمیان دا، لە کۆتاییشدا چەقبەستوویی سیاسی عێراق سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەت نوێ لە ڕێگەی پلانەکەی " مەلەک عەبدوڵڵا" لە ڕیازدا چارەسەر نەکرا و ئەوە دەسپێشخەریەکەی مەسعوود بارزانی و پلانەکەی هەولێر بوو کە توانی ئەم گرفتە چارەسەرکات. ئەم بابەتەش جارێکی تر بوو بە هۆی ئالۆزی پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە.
ئەڵبەت نابێت ئەوەش لە بیر بکرێت کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بەرپرسانی رەسمی عێراق و تا ڕادەیەکیش ئەمریکاییەکانی دانیشتووی بەغدا بەردەوام تاوانی هاوکاری و یارمەتی تیرۆریستەکان و دوژمنانی نەزمی نوێی عێراقیان خستۆتە سەر سعوودییەکان، ئەو تاوانانەی کە کەم تا زۆر تا ئەمڕۆش وەک خۆیان ماونەتەوە.
بەڵام ئێستا ده‌کرێ بوترێت: بە هۆی، سەقامگرتوویی سیستەم و پێکهاتەی سیاسی نوێی عێراق و نائۆمێدی لە ‌هێزگرتنەوەی دووبارەی عەرەبە سوننەکان لەم وڵاتەدا، نیگەرانی لە یەکگرتوویی و نزیکی لە ڕادەبەدەری عێراق و ئێران، ئاکامەکانی ئاڵوگۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست واتا بەهاری عەرەبی، گوشارە سیاسییەکانی رۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا، سنووری هاوبەشی بەربڵاوی ٨١۴ کیلوومەتری نێوان هەر دوو وڵات و هەروەها ئامادەیی عێراق بۆ لە ئەستۆ گرتنی سەرۆکایەتی دەورەیی کۆمکاری عەرەب لە ساڵی داهاتودا، سعوودییەکان بۆیان دەرکەوتووە درێژەدان بە سیاسەتی نکۆڵی دیپڵۆماتیکی عێراق نە تەنیا سوودێک بە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە نابەخشێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی پتەو بوونی پێگەی رەقیبەکانی لەم بوارەدا، لەم رووەوە "سه‌عوود ئەلفەیسەڵ" وەزیری دەرەوەی عەرەبستان " فەهەد بن عەبدولموحسن ئەلزەید"ی وەک باڵیۆزی نوێی ئەم وڵاتە لە بەغدا دەستنیشان کرد، باڵیۆزێک کە بڕیارە زۆرتر لە ریازدا نێشتەجێ بێت تا لە بەغدا. بەڵام نەفسی ئەم کردەوە سیاسییە، باس لە جۆرە داننان بە هەڵە بوونی سیاسەتی پێشوو، هەروەها هەوڵدان بۆ کردنەوەی وەرزێکی نوێی پیووەندی سیاسی سعوودییەکان لە گەل دراوسێ باکووریەکەیاندا دەکات.
/ 0 نظر / 9 بازدید